You are here

3 ئازار 2022؛ موسڵ، عێراق – سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و وەزارەتی تەندروستی بە پشتیوانی ئاژانسی کۆریی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی ناوەندێکی هاریکاریی هەمەلایەنەیان بۆ ژنان و کچانی ڕزگاربووی توندوتیژیی جێندەری لە شاری موسڵی پارێزگای نەینەوا کردەوە.

ڕزگاربووانی توندوتیژیی جێندەری دەتوانن چارەسەری پزیشکی وەربگرن، لەوانە بەڕێوەبردنی کلینیکی دەستدرێژیی سێکسی، ڕاوێژکردن، هەروەها خزمەتگوزاری یاسایی و ڕەوانەکردن بۆ وەرگرتنی هاوکاری زیاتر.

کارمەندانی پزیشکی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە سەنتەرەکە پاڵپشتی تایبەت بە ڕەچاوکردنی هەستیاری کلتوری دابین دەکەن بە پاراستنی شکۆی ڕزگاربووان بۆ ئەنجامی درێژخایەن. هەروەها کارمەندان تواناسازی وەردەگرن لەسەر تەندروستیی دەروونی و پشتگیری دەروونی-کۆمەڵایەتی و وەڵامدانەوەی توندوتیژیی جێندەری.

دکتۆر فەلاح حەسەن ئاڵتای بەڕێوەبەری تەندروستی نەینەوا جەختی لەسەر گرنگی ئەم بنکەیە کردەوە بۆ هەڵوێست وەرگرتن لە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کچان چ لە بەرامبەر توندوتیژیی جێندەری چ بۆ پێداویستییەکانی تەندروستیی زایندەیی. هەروەها سوپاسگوزاریی خۆی بۆ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن لە کەرتی تەندروستی لە پارێزگاکە.

بەڕێز حمیار عەبدولمغنی، جێگری نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق وتی: "ئێمە ئێستا لە قۆناغی هاوکاریی مرۆییەوە دەچینە قۆناغی گەشەپێدان، و لە ئێستادا پاراستنی ژنان و کچان لە هەموو کاتێکی دیکە گرنگترە. ئەم بنکەیە دڵنیایی دەداتە ژنان و کچانی ڕزگاربووی توندوتیژیی جێندەری کە پێویست ناکات سەردانی چەندین شوێن بکەن بۆ دەستکەوتنی خزمەتگوزاری، لێرە دەتوانن چەندین خزمەتگوزاری کوالیتی بەرز بەدەست بهێنن."

دەربارەی کردنەوەی ئەم بنکەیە بەڕێز چۆ هیۆنگ لەی، بەڕێوبەری ئاژانسی کۆریی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕایگەیاند: "ئێمە وەک پشتیوانێکی بەهێزی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان پێخۆشحاڵین بە کردنەوەی ئەم بنکەیە لە موسڵ، کردنەوەی ئەم سەنتەرە دوای سەرکەوتنمان دێت لە کردنەوەی هەمان بنکەی هاریکاریی هەمەلایەنە لە کەرکوک. هیوادارین سەنتەرەکە جێی خۆی بگرێتەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی جێندەری و سێکسیی."

پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان جێبەجێدەکرێت لەوانە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی وەرزش و وەزارەتی داد و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بەشی تواناسازی ژنان.

ئەم بنکەی هاریکاریی هەمەلایەنەیە سێیەمین بنکەی لەم جۆرەیە لە عێراق و یەکەمینە لە موسڵ کە لە لایەن ئاژانسی کۆریی بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێدەکرێت و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکەوە بەڕێوەدەبرێت.

*******

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، دنیایەک دەهێنێتە ئاراوە کە هەموو دووگیانییەک خوازراو بێت، هەموو منداڵبوونێک پارێزراوبێت، و توانستی هەموو گەنجێک بەرجەستە بکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر یاخود هەر داواکارییەکی میدیایی، پەیوەندی بکەن بە سەلوە موسا، بەرپرسی پەیوەندییەکان، smoussa@unfpa.org 009647809171035