سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق (UNFPA) و سەنتەری نێودەوڵەتی کۆمپیوتەری نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICC) هەڵسان بە رێکخستنی راهێنانێک بۆ بەرزکردنەوەی توانای کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و پاراستنی ژیانی ژنان و کچان لە هەراسانکردنی دیجیتاڵی. راهێنانەکان لە ٢٦ی شوبات تا ٠١ی ئازار لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا بە بەشداری کارمەندانی تاقیگەی پزیشکی دادوەری دیجیتاڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
بە لەبەرچاوگرتنی سەرهەڵدانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان وەک هەڕەشەیەکی بەرچاو بۆ سەر تاک و کۆمەڵگا، راهێنانەکە تێگەیشتنێکی گشتگیری لە جۆرە جیاوازەکانی ئەو جۆرە تاوانانە دابین کرد، لەوانەش گێچەڵی ئەلیکترۆنی، هەراسانکردنی ئۆنلاین و دزینی ناسنامە. هەروەها بەشداربووان ئەزموونی راستەوخۆیان لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری دیجیتاڵی، کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەی ئەلیکترۆنی، و پێشکەشکردنی ئەنجامەکانیان لە دادگا، بەدەست هێنا.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە راهێنانەکەدا، عەلی عەبدەکی، بەرپرسی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکانی بۆ دانیشتوان ئاماژەی بەوە کرد، “یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی راهێنانەکە گرنگیدان بوو بە پاراستنی ژیانی ژنان و کچان لە هەراسانکردنی دیجیتاڵی. هەروەها بەشداربووان زانیارییان لەسەر ئەو ئاستەنگە وەرگرت کە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا رووبەڕووی ژنان و کچان دەبنەوە، لەوانەش زیادبوونی مەترسییەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی، گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی لە رێگەی ئۆنلاینەوە.”
ئاماژەشی بەوەکرد، " گفتوگۆکردن لەسەر ستراتیژی و ئامرازە پراکتیکییەکان بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی کاریگەرانەی کەیسەکانی هەراسانکردنی دیجیتاڵی دژی ژنان و کچان زۆر بەسوود بوو بۆ بەشداربووان."
داننان بە گرنگیی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، ئامادەبووان دەرفەتی ئەوەیان هەبوو کە تۆڕێکی پزیشکیی دادوەریی دیجیتاڵی لەگەڵ پسپۆڕانی وڵاتانی جیاوازدا دروست بکەن بۆ باشتر پراکتیزکردنی هاوبەشی کردنی زیاتر لە پاراستنی هەراسانکردنی دیجیتاڵیدا. ئەم هاوبەشییە هەستی کۆمەڵایەتی و هاوکاری و پێویستیی کارکردنی پێکەوەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە جیهانییە بەهێزتر کرد.
تیما سۆنی، سەرۆکی بەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی UNICC لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، “لە راهێنانەکەدا، بەشداربووان جگە لە وەرگرتنی زانیاری و شارەزایی لەسەر پزیشکیی دادوەری دیجیتاڵی، بەڵکو داکۆکی لە سەلامەتیی دیجیتاڵی ژنان و کچانیش دەکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە بەشداربووان پابەندن بە بەکارهێنانی شارەزاییەکانیان بۆ دروستکردنی کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئیلهامبەخشین بە نەوەکانی داهاتوو دەربارەی پزیشکیی دادوەریی دیجیتاڵی بۆ بەرزڕاگرتنی بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی."
چالاکییەکانی راهێنانەکە لە سەنتەری بەشی ئاسایشیی ئەلیکترۆنی UNICC ئەنجامدرا، کە چارەسەری هاوبەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێشکەش دەکات بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستی ئەلیکترۆنی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان.