You are here

27 ی تشرینی یەکەمی 2021؛ هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق – سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی کارامەیی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی بۆ گەنجانی دەستپێشخەر لە هەولێر دەست پێ کرد. پڕۆژەکە لەسەر بنەمای سەرکەوتنی پڕۆگرامی "گۆشەی پرتەقاڵی لە هەولێر" بوو کە لەلایەن MSelectوە و بە پشتیوانی شانشینی هۆڵەندا جێبەجێ کراوە.

بۆ ماوەی دوو مانگی داهاتوو، 20 کچ و کوڕی گەنج ڕاهێنان وەردەگرن لە بوارەکانی لێهاتوویی سەرکردایەتی و دەستپێشخەری کار و بەڕێوەبردنی دارایی و بایەخدان بە لایەنی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی بزنس. هەروەها، بەشداربووان سوود لە دانیشتنەکانی یەکسانی جێندەری، نەهێشتنی توندوتیژیی جێندەری و مافی و تەندروستیی زایندەیی وەردەگرن.

بەڕێز حیمیار عەبدولموغنی، جێگری نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق تیشکی خستەسەر وەبەرهێنان لە گەنجاندا، بە تایبەتی کچان، و وتی: "لە ئێستادا گەنجان نوێنەرایەتی 41٪ ی دانیشتوانی عێراق دەکەن. زۆر گرنگە کە پەرە بە تواناکانیان بدرێت بۆ ئەوەی ببنە هاووڵاتی سەربەخۆ و خاوەن کار و بەرپرسیار. کاتێک گەنجان تەندروستن و چانسی خوێندنی و پەروەردەی باشیان هەیە، دەتوانن وڵات بەرەو پێشەوە ببەن."

بەڕێز هاوڕی جەبار حەمەد، جێگری بەرێوەبەری سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووکەکانی لاوان: "خۆشحاڵین بە ڕاگەیاندنی ئەم پڕۆژە گرنگە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان. پڕۆژەکە یارمەتی گەنجان دەدات کە توانای دامەزراندن و لێهاتوویی کاری زۆر پێویست بەدەست بهێنن، بە تیشک خستنەسەر یەکسانی جێندەری و خزمەتکردنی کۆمەڵگاکانیان. هیوادارین پڕۆژەکە لە ناوەندەکانی دیکەی گەنجان بەردەوام بن لە سەرتاسەری وڵات بۆ گەیشتن بە زۆرترین ژمارەی ئەو گەنجانەی کە دەتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن."

بۆ پشتگیری کردنی پڕۆژەی دەستپێشخەری کار و تواناسازی گەنجان، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بڕە پارەیەک دابین دەکات بۆ چەند پڕۆژەیەک کە کاریگەری کۆمەڵایەتیی بەردەوام پیشان دەدات لەسەر کۆمەڵگە. هەروەها وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی قەرزی کورتخایەن پێشکەش بە بەشداربووان دەکات بۆ یارمەتیدانیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژە بچوکەکانیان لەسەر بنەمای پێوەری شیاویی دیاریکراو.

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان پابەندە بە پشتیوانیکردن و بە تواناکردنی هەرزەکاران و گەنجان بەتایبەتی کچان، لە هەوڵەکانیان بۆ بنیادنانەوەی عێراق. ستراتیجی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بۆهێنانەدی ئامانجی 2030 بۆ گەشەپێدانی بەردەوام بریتیە لەوەی گەنجان خۆیان سەنتەری فراوانکردنی پێداویستییە جیهانی و ناوچەیی و نەتەوەییەکانی گەنجان بن.

*******

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، دنیایەک دەهێنێتە ئاراوە کە هەموو دووگیانییەک خوازراو بێت، هەموو منداڵبوونێک پارێزراوبێت، و توانستی هەموو گەنجێک بەرجەستە بکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر یاخود هەر داواکارییەکی میدیایی، پەیوەندی بکەن بە سەلوە موسا، بەرپرسی پەیوەندییەکان، smoussa@unfpa.org