You are here

15 ئازار 2022، بەغداد، عێراق - شانشینی یەکگرتوو 19 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پرۆگرامێکی چەند ساڵە بۆ پلانی ڕێکخستنی خێزان لە عێراق دابین دەکات.

ئەم هاوبەشییە نوێیە دەبێتە هۆی باشترکردنی سیاسەتی نەتەوەیی تایبەت بە پلانی ڕێکخستنی خێزانی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و بە سەرنجدان لەسەر گەنجان و ئەو گروپانەی پێویستییان بە هاوکارییە. هەروەها هۆشیاریی بڕیاردەران و ڕابەرانی کۆمەڵگا و کەسانی کاریگەر زیاد دەکات سەبارەت بە پلانی ڕێکخستنی خێزان و مافی زایندەی و مەترسییەکانی هاوسەرگیری منداڵان.

هاوبەشییەکە دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو ژنان و گەنجان و کەسانی خاوەن پێداویستیی دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییەکانی پلانی ڕێکخستنی خێزان، زانیاری گونجاو و باوەڕپێکراو، کارامەیی ژیان، پەروەردە لەسەر تەندروستی و مافی زایندەی و باشتر لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی پەیوەست بە هاوسەرگیری منداڵان تێبگەن.

بەڕێز مارک بریسۆن ڕیچاردسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەبارەت بە پرۆگرامەکە وتی: “بەریتانیا دڵخۆشە بەوەی کە لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و حکومەتی عێراق کار دەکات بۆ پشتگیریکردنی ستراتیژی پلانی ڕێکخستنی خێزان لە عێراق. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە خۆجێییەکان، بە تایبەتی گەنجان و ژنان توانایان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئاگادارانە سەبارەت بە تەندروستی زایندەیی و گەیشتن بە چاودێری تەندروستیی کوالیتی بەرز. وەبەرهێنان لە پلانی ڕێکخستنی خێزاندا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر تەندروستی و خێزان، هەروەها لەسەر سەقامگیریی ئابووری و سیاسی بەرفراوانتر.”

دکتۆر ڕیتا کۆڵۆمبیا، نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق، لەسەر پشتیوانی بەریتانیا وتی: “سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان سوپاسگوزاری حکومەتی بەریتانیایە بۆ پشتگیریکردنی مافی زایندەیی ژنان و کچان لە عێراق. ئەم پرۆگرامە هاوکارییەکی باش دەبێت بۆ خێزان و ژنان بۆ هەڵبژاردنی ئاگادارانە دەربارەی کاتی منداڵبوون کە دەبێتە هۆی باشترکردنی تەندروستی دایکان و منداڵەکانیان و باشترکردنی دۆخی گشتیی خێزانەکان. هەروەها پرۆژەکە پشتگیریی ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری پێشوەختە و بەهێزبوونی کچان و ژنان دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆمەڵگاکەیان بکەن.”

*******

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، دنیایەک دەهێنێتە ئاراوە کە هەموو دووگیانییەک خوازراو بێت، هەموو منداڵبوونێک پارێزراوبێت، و توانستی هەموو گەنجێک بەرجەستە بکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر یاخود هەر داواکارییەکی میدیایی، پەیوەندی بکەن بە سەلوە موسا، بەرپرسی پەیوەندییەکان، smoussa@unfpa.org 009647809171035