You are here

هەورینی تەمەن 27 ساڵ، پێنج ساڵ لەمەوبەر بڕیاریدا ببێت بە مامان. 

چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ هەورین ئەنجامدا سەبارەت بە کارەکەی لە سەنتەری تەندروستیی سێکسی کامپی خازر کە سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان پاڵپشتی دەکات.

بۆچی پیشەی مامانیت هەڵبژارد؟


هەورین پاش لە دایکبوونی منداڵێک لە ئەمبوڵانسێکدا و ڕزگارکردنی ژیانی دایکەکە و منداڵەکەشی.
ڕێکخراوی ژیان

“مامانی کارێکی پیرۆزە لە لام. هەمیشە دەمزانی کە دەمەوێ یارمەتی ژنان و کچان بدەم کە هۆشیارییان هەبێت لەسەر ماف و تەندروستیی سێکسیی خۆیان و هاوکارییان بکەم کە خزمەتگوزاریی شایستەی تەندروستی بەدەستبهێنن لە تەمەنی باڵغبوونەوە تا سکپڕیی و تەمەنی نەمانی سوڕی مانگانە.”

باسی ئەزموونێکی خۆشی کارەکەتمان بۆ بکە؟

“لە ساڵی 2020، ژنێکی تەمەن 35 ساڵ هاتە کلینیکەکەمان کە ئازاری سکی هەبوو. پاش پشکنین، بۆم دەرکەوت کە منداڵەکە پێش وەخت لە دایک دەبێت و پێنج کاتژمێرە دایکەکە ژانی هەیە، و پێویستی بەوە بوو کە بنێردرێت بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر.”

ژنەکە بە هاوەڵیی هەورین و بە ئەمبوڵانس گوێزرایەوە بۆ هەولێر، بەڵام لە ڕێگا ژنەکە بەردەوام ژانەکەی زیاتر دەبوو و بۆ ڕزگارکردنی ژیانی دایکەکە و منداڵەکەش، دەبێت هەورین لەناو ئەمبوڵانسەکەدا قۆڵی لێ هەڵبکات و منداڵەکە بێنێتە دونیاوە. 

هەورین وتی: “دڵم زۆر بەپەلە لێی دەدا. دەمزانی کە ژیانی دایکەکە و منداڵەکەش لە مەترسیدایە و هیچ ڕێگەیەکهی دیکەم نییە، هەر دەبێت ڕزگاریان بکەم. بەو کەرەستانەی لە ناو ئەمبوڵانسەکە بەردەست بوون، و بە منداڵبوونی سروشتی، کۆرپەکەم هێنایە دونیاوە.”

هەورین بەردەوام بوو لە قسەکانی وتی: “دایکەکە زۆر دەترسا و هەر هاواری دەکرد و دەپاڕایەوە کە منداڵەکەی ڕزگار بکەم و دەیوت: با منداڵەکەم نەمرێت، ڕزگاری بکە. ژنەکە هەموو هیوای بە من بوو و منیش نەمدەتوانی بێئومێدی بکەم.”

هەورین توانی بە سەرکەوتوویی منداڵەکە بهێنهتە دونیاوە. پاش گەیشتنیان بە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر، دایکەکە و کۆرپەکەی خزمەتگوزاریی شایستەیان پێشکەشکرا. 

لە کۆتاییدا هەورین دەڵێت: “زۆر خۆشحاڵبووم کە توانیم ژیانی هەردووکیان ڕزگار بکەم. ئەم ڕۆژەم قەت لەبیر ناچێتەوە.”

هەورین وەک مامانێک چەندین بیرەوەری خۆشی هەیە، بەڵام کارەکەی بیرەوەری و چیرۆکی ناخۆشیشی تێدایە. ڕۆژێک هەورین ژنێکی سکپڕ دەبینێت کە ئازاری هەیە، پاش پشکنین، بۆیان دەردەکەوێت کە منداڵەکەی ناو سکی مردووە. پاش ئەوەی منداڵەکەی بۆ دەردەهێنن، هاوەڵی ژنەکە دەکات بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر بۆ ژنەکە. 

هەورین دڵخۆش دەبێت کە ژنەکە ڕزگاری بووە، بەڵام مردنی کۆرپەکەی سکی چیرۆکێکی ناخۆشە. پاشان هەورین بۆی دەردەکەوێت کە کارەکەی ئەزموونی خۆش و ناخۆشیشی تێدایە و دەبێت قبوڵی ئەو ڕاستییەکە بکات. 

هەورین بەردەوامە لە خزمەتکردن و ڕزگارکردنی ژیانی دایکان و کۆرپەی تازە لە دایکبوو. 

ئاستەنگەکانی کە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووبەڕووی دەبوونەوە؟ 

گەورەترین ئاستەنگ بۆ ئێمە ئەوە بوو کە ژنان و کچان پابەندی بەستنی ماسک و ڕێکارەکانی دیکەی خۆپارێزیی بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئێمە دەمانویست ئەوان تەندروست بن. من و هاوپیشەکانم چەندین جار ماڵ بە ماڵ گەڕاوین بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنێتی خۆپاراستن لێی و بۆچی پێویست دەکات خۆیان بپارێزن، فێرمان دەکردن کە چۆن بە درووستی دەستەکانیان بشۆن و ماسک ببەستن کە دەم و لوتیشیان دابپۆشێت. 

کلینیکی تەندروستیی سێکسیی لە کامپی خازر لە لایەن وڵاتانی کەنەدا و سویدەوە پاڵپشتی دەکرێت.

--