You are here

21ی کانوونی یەکەمی 2022؛ هەولێر، هەرێمی کوردستان- عێراق - وەزارەتی ژینگەی فیدراڵی، دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەزگای ئاماری ناوەند، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان وۆرکشۆپێکیان لە 11-12ی کانوونی یەکەم لە هەولێر لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ژنان و کچان و چۆنیەتی نەخشەکێشانی ڕێگەچارەی بەردەوام ڕێکخست بۆ ئەوەی خەڵک و کۆمەڵگاکان خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.

لە 2021 سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بەهاوکاری وەزارەتی پلاندانان و دەزگای ئاماری ناوەند و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئەنجامی ڕاپرسیی دۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی ژنانی عێراقیان بڵاوکردەوە کە تێیدا گۆڕانکارییەکانی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان لە عێراق لە ساڵی 2011ەوە نیشان دەدات. دوا بە دوای ئەم ڕاپرسییە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانان لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ژیانی ژنان و کچانی عێراق ئەنجام دەدات.

بۆ ئامادەکاری بۆ ئەم توێژینەوەیە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان وۆرکشۆپێکی ساز کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی گەنج ئامادەبوون بۆ وەرگرتنی ڕای هەمووان لەسەر دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ دەستپێکردنی توێژینەوەکە. ئامانج لەم وۆرکشۆپە ڕاوێژکارییە ئەوەیە کە سیاسەتێکی نیشتیمانی بۆ گۆڕانی کەش و هەوا دابندرێت کە چارەسەری نوێ لەخۆبگرێت لە لایەن گرووپی جیاوازەوە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و کچان و بە ڕەچاوکردنی کێشەی تەندروستی و مافی زایندەیی ژنان و کچان.

لە مەراسیمەکەدا دکتۆر ضیاء کازم عەواد سەرۆکی دەزگای ئاماری ناوەند لە حکومەتی فیدڕاڵی گرنگیی سیاسەتی جەماوەریی دووپات کردەوە و وتی: "هیوادارین ئەم وۆرکشۆپە بناغەیەکی باش بێت بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە بڕیارە لە ساڵی 2023دا ئەنجام بدرێت، و لەسەر بنەمای توێژینەوەی جۆریی بێت کە هەموو سێکتەرەکان بەشداریی تێدا بکەن سەرنجێکی تایبەت بخرێتە سەر بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و کچان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا."

لای خۆشیەوە خاتوو لەمیس مونیف سەرۆکی یەکەی جێندەر لە وەزارەتی ژینگە تیشکی خستەسەر ئەو ڕۆڵەی کە وەزارەتی ژینگە بینیویەتی لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر خەڵک بەگشتی و ژنان و منداڵان و وتیشی: "خۆشحاڵین بە پێشکەشکردنی کار و ڕۆڵی خۆمان لەم وۆرکشۆپەدا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی کۆنگرەی کەش و هەوا کە لە میسر بەڕێوەچوو. ئێمە پابەندین بە بەهێزکردنی ژنان و ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان."

نوێنەری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش جەختی لە گرنگی ئەم لێکۆڵینەوەیە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە داتاو دەرەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە وەک بناغەیەکی سەرەکی بۆ پەرەپێدانی پلان و ستراتیژی نیشتیمانی بەکاربهێندرێن.

بەڕێز گاریک هایراپتین جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق دووپاتی کردەوە کە وۆرکشۆپەکە پشتیوانی لە ڕێچکەیەکی فرە سێکتەری دەکات بۆ خێراکردنی کارکردن لەسەر کەش و هەوا و گوتی: "پەرەپێدانی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ دەستنیشانکردنی دەرفەتە شاراوەکان و کەلێنەکان پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە ئاوارەبوون و بەفیڕۆدانی سامانە سروشتیەکان."

نوێنەرانی حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی گەنج ئامادەیی خۆیان نیشاندا کە بەشداربن لەم لێکۆڵینەوەیەدا و داکۆکی لە پێشخستنی یاسادانان و سیاسەت و بەرنامەکانی سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوا بکەن.

گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە و کاتی کارکردن لەسەر ئەم پرسە ئێستایە. با پێکەوە کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە درێژخایەنەکان کە یارمەتی خەڵک و کۆمەڵگاکان دەدات کە لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا بگونجێن و دڵنیابینەوە کە بژێوی ژیانیان پارێزراوە.

 

*******

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، دنیایەک دەهێنێتە ئاراوە کە هەموو دووگیانییەک خوازراو بێت، هەموو منداڵبوونێک پارێزراوبێت، و توانستی هەموو گەنجێک بەرجەستە بکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر یاخود هەر داواکارییەکی میدیایی، پەیوەندی بکەن بە کیندا کەترەنجی، بەرپرسی پەیوەندییەکان، katranji@unfpa.org