You are here

من ناوم مایایە* و خەڵکی حەسەکەم. ماوەی 8 ساڵە لەکەمپی پەنابەرانی دۆمیز 1 لە هەرێمی کوردستان دەژیم. من خوێندنم تەواو نەکردووە، تەنها قۆناغی سەرەتاییم خوێندووە و من ئێستا بێ کارم. من هاوسەرگیریم کردووە و لەگەڵ هاوسەرەکەم و ژنەکەی و پێنج منداڵ دەژیم، کە سیانیان منداڵی منن. هاوسەرەکەم ڕۆژانە بە کرێکاری بژێوی ژیانمان پەیدا دەکات.

لە بارەی سەنتەری ژنانی ناو کەمپەکە، کە سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان پاڵپشتی دەکات، چەند شتێکم بیستبوو و ناونیشانی سەنتەرەکەم لە دراوسێکەم وەرگرت. چوومە ئەوێ و چاوم بە بەڕێوبەری کەیسەکان کۆمەڵایەتییەکان کەوت. ئەویش پێشنیاری کرد کە بەشداری لە لیژنەی ژنان و ڕاهێنانی وەرزشی و خولی فێربوونی قژبڕین بکەم، هەم بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانم و هەم بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانم.

لە سەرەتادا، زۆر دەترسام کە داوای یارمەتی بکەم و چیرۆکەکەم بۆ یەکێک باس بکەم کە نایناسم. بەڵام کارمەندانی سەنتەرەکە زۆر بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردم و بە وردی هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ڕوون کردمەوە. هەر ئەمەش بوو کە هانی دام ڕازی ببم چاوپێکەوتن لەگەڵ توێژەرێک ئەنجام بدەم. لە یەکەم چاوپێکەوتن، دوای بەخێرهاتن و ناسینەوەم، دەستم کرد بە باسکردنی ئەو هۆکارانەی کە وایان لێکردم داوای یارمەتی بکەم. توێژەرەکە پێی باش بوو لەگەڵ ئەو بەڕێوبەری کەیسە دابنیشم کە یەکەم جار بینیومە.  

ڕازی بووم بە چاوپێکەوتنەکە و ئەمجارە ئاسوودەتر بووم، چونکە چەند جارێک سەردانی سەنتەرەکەم کردبوو، بەڵام هێشتا هەر دەترسام لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەم. لەو ژوورەی کە چاوپێکەوتنەکەمان لێ ئەنجام دەدا، مێزێک و دوو کورسی و دوو پەرداخ ئاو و پاکەتێکی دەسڕی لێ بوو. توێژەرەکە لێی پرسیم باشم یان نا، پاشان لێی پرسیم کە چ شتێک لە ژوورەکەدا سەرنجی ڕاکێشاوم. هەرچەندە پرسیارێکی زۆر سادە بوو، بەڵام وای لێکردم کە هێورببمەوە.

بە پەیوەندی نێوان من و هاوسەرەکەم دەستم کرد بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەم، کە هەمیشە منی پشت گوێ خستبوو. چیرۆکی من لە کاتی هاوسەرگیرییەکەمەوە دەستی پێکرد، هەرگیز هەستم نە دەکرد کە هاوبەشێکی ژیانم هەیە. هەرچەندە ئەو دابینکار بوو، بەڵام هەرگیز پارەی پێویستی بۆ پێداویستیە تایبەتیەکانم بۆ تەرخان نەدەکردم. منی بە بەردەوامی فەرامۆش کردبوو، لەگەڵ دووگیان بوونیشم بە کچە بچووکەکەم، هاوسەرەکەم خراپتر بوو، دەستی کرد بە لێدان و سوکایەتی پێ کردنم. تا ئێستاش هەموو وردەکارییەکانم لە بیرە.

هەموو ساتێک و هەموو ڕۆژێک من لە ناخەوە دەمردم، بەڵام هیچ بژارەیەکم نەبوو جگە لە مانەوە لە پێناو منداڵەکانم. لە نێو هەموو ڕەفتارە خراپەکانیشی، سوکایەتی پێ کردنم لە هەمووی ئازاربەخشتر بوو، کە هەر دەرفەتێکی هەبووایە، سوکایەتی پێ دەکردم. بەرگەی سەیرکردنەکانیم نەدەگرت، بە تایبەتی کاتێک پەیوەندیی سۆزداریی نێوان ئێمەی فەرامۆش کرد، ئەمەش دۆخەکەی خراپتر کردبوو. پاشان، بۆم دەرکەوت کە دەیەوێت ژنێکی دیکە بهێنێت، ئەمەش بۆ من زۆر ئەستەم بوو.  

دوای چەند دانیشتنێک لەگەڵ بەڕێوبەری کەیسەکە، هەستم دەکردن باشترم، وەک ئەوەی کێشێکی قورس بە هێواشی لە کۆڵم ببێتەوە. فێری ڕاهێنانی هەناسەدانی قوڵ و تەکنیکی حەسانەوە بووم و بەردەوام ئەنجامم دەدان. ئەمانە یارمەتییەکی زۆریان دەدام بۆ هێوربوونەوە، بە تایبەتی کە بژارەیەکی ئەوتۆم نەبوو کە ڕێوشوێنی یاسایی دژی هاوسەرەکەم بگرمەبەر بۆ سوکایەتی و دەستدرێژییەکانی. لە هەموو ئەمانە گرنگتر، دوای هاوسەرگیریی دووەمی، چی دیکە لێی نەدەدام.

بە بەشداری کردن لە ڕاهێنانێک لەگەڵ کۆمیتەی ژنان دەستم پێ کرد. پڕۆگرامێکی بەسوود بوو کە چەند دانیشتنێکی خایاند، کە لە ڕێگەیەوە فێر بووم بڕیار بدەم، و نەترسم لە داواکردنی مافەکانی خۆم. هەروەها کۆرسی جیمناستیک و قژبڕینم هەڵبژارد، کە بە ڕاستی سوودم لێ بینین، لە ڕێگەی کۆرسەکانەوە، چەندین ژنی دیکەم ناسی و فێری چەند شارەزایی و تەکنیکێک بووم کە وایان لێ کردم زیاتر متمانەم بە خۆم بێت.

هەستم بە بەهێزی خۆم دەکرد، توانیم داوای پێداویستییەکانم لە هاوسەرەکەم بکەم، جگە لەوەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانم زیاتر بوون و هاوڕێی نوێم پەیدا کرد، هەروەها زانیاریم لەسەر خزمەتگوزارییەکانی ناو کامپەکە هەبوو بۆ ئەوەی کەی پێویستم بوو بەکاریان بهێنم. ئێستا دەمەوێت پەرە بە تواناکانم بدەم لە بواری میکیاج کردن و ئەگەر توانیم، ساڵۆنێک بۆ خۆم بکەمەوە.

ئەمە پلانی منە بۆ داهاتوو. ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەم، دەمویست ببمە نمونەیەک بۆ ژنانی دیکەش. داوای هاوکاریی بکەن ئەگەر توشی هەر جۆرە توندوتیژییەک بوونەوە. مەهێڵن ئەو بارودۆخەی کە تێیدان، لە ناوتان بەرێت.

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بە پاڵپشتی حکومەتی نەرویج و سوید و سندوقی ناوەند بۆ وەڵامدانەوەی فریاگوزاری سەنتەرەکانی ژنان لە کامپی پەنابەران بەڕێوە دەبات.

 

*ناو گۆڕاوە بە هۆکاری پاراستنی کەسیی