You are here

٢٨ی تشرینی دووەم ٢٠٢٢؛ هەولێر، عێراق – کۆنفرانسی نێودەوڵەتی "با قسە بکەین"ی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، بۆ ئەمساڵ، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، سیاسەتمەداران، کۆمەڵگای مەدەنی، کەسانی ئەکادیمی، چالاکوانان، کەرتی تایبەت و نوێنەری وڵاتانی لە سەرتاسەری عێراقەوە کۆ کردەوە بۆ یەکگرتن و پابەندبوون بە کۆتایی هێنان بە توندوتیژیی جێندەری.

کۆنفرانسە یەک ڕۆژییەکە بە هاوبەشی لە لایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و بەرنامەی خۆراکی جیهانی و دامەزراوەی سید بە هەماهەنگی لەگەڵ سکرتارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە لە لایەن هاوبەشانی نێودەوڵەتیی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شانشینی یەکگرتوو، سوید، نەرویج، سویسرا، فینلاند، و کۆیکا پاڵپشتی کرابوو.

ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە، بە بۆنەی کامپەینی ١٦ ڕۆژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری، پەیامێکی بەهێز و یەکگرتوویان بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی جێندەری و داکۆکیکردن لە تواناسازی و ئازادی ژنان بۆ جێبەجێکردنی مافەکانیان نارد بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو کەسێک جێی بایەخە.

کۆنفرانسەکە بریتیبوو لە سێ پانێل بۆ خستنەڕووی ڕۆڵی گەنجان و چالاکوانان و حکومەت و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمووشیان گرنگتر، پیاوان لە بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری و کۆتاییهێنان بەتوندوتیژی دژ بەژنان و کچان لە عیراق.

کۆنفرانسەکە بە لێدوانێکی ڤیدیۆیی لەلایەن غوڵام محەمەد ئیسحاکزای جێگری نوێنەری تایبەت و ڕێکخەری نیشتەجێ و ڕێکخەری مرۆیی بۆ عێراق دەستی پێکرد کە ئامانجی سەرەکی کامپەینەکەی بیری هەمووان هێنایەوە و وتی: "لەناوبردنی توندوتیژیی جێندەری بەرپرسیاریەتیی هەموومانە. داوا لە هەمووان دەکەین کە وەڵامی ئەو زەنگە مەترسیدارە بدەنەوە کە ژنان و کچان بەرزیان کردووەتەوە و ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی. ڕێگریکردن لە توندوتیژی لە ئەستۆی هەر یەکێک لە ئێمەیە."

پانێڵی یەکەم کە لەلایەن سەرۆکی دامەزراوەی سید، شێری کراهام تاڵەبانی پێشکەشکرا، هەر یەک لە کوێستان محەمەد عەبدوڵڵا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هانا ئێدوار، چالاکوانی مافەکانی ژنان و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق بەشدارییان تێدا کرد بۆ باسکردنی ڕۆڵی ئەکتەرە سەرەکییەکان لە بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری لە عیراق. باڵیۆزی ئەمریکا وتی: "سوپاس بۆ هەموو ئەو پیاوانەی ئەمڕۆ لێرەن، ئێمە بێ پشتگیری ئێوە ناتوانین کۆتایی توندوتیژیی جێندەری بهێنین. هەروەها داوا لە بەرپرسانی بەغدا و هەولێر دەکەین کە چاکسازیی بکەن بۆ پێشخستنی ڕۆڵی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری." باڵوێزی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو کە یەکسانی جێندەری دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و بۆ هەمووان ئەنجامی باشی دەبێت.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز ئەنۆ عەبدۆکا، وزیری گواستنەوە و گەیاندن، ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە کاری کردووە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان و هەر جۆرە جیاکارییەکی جێندەری. لەم ڕۆژەشدا جەخت لەسەر هەمان پێگەی ناجێگیری حکومەت و ئەم کابینەیە دەکەینەوە."

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، نیکۆل ئیپتین جێگری نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق، خەڵاتی نانسینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ پەنابەران پێشکەش بە دکتۆر نەغەم حەسەن کرد بۆ ئەو کارە بەرچاوەی لەسەر ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی کردوویەتی. خەڵاتەکە بۆ ئەو هەوڵە مرۆڤدۆستانە بوو کە ماوەی شەش ساڵ هاوکاریی جەستەیی و مەعنەویی ڕزگاربووانی ئێزدی و دیلەکانی پێشووی داعشی کردووە. دکتۆر نەغەم حەسەن، پزیشکی ژنان و دامەزرێنەری ڕێکخراوی هیوا، لە وتارەکەیدا گرنگیی پشتیوانیکردنی لە قوربانیانی توندوتیژیی جێندەری و ئاوارەکانی عێراق بە ئێزدییەکانیشەوە دووپاتکردەوە.

پانێڵەکانی دووەم و سێهەم، بە سەرنج خستنە سەر بەشداری پێکردنی کۆمەڵگا، بە تایبەتی چالاککردنی پیاوان و کوڕان و گەنجان، میوانداریی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی نا حکومیی دەکرد.

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت پابەندبوونی خۆیان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و کچان و پشتگیریکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

کۆرەک تیلیکۆم بەڵێنی دا بە ڕێکخستنی خولی تایبەت بۆ ١٠ ژن لە هەر یەکێک لە ١٩ پارێزگاکەی عێراق بۆ پەرەپێدانی شارەزایی کەسیی و پیشەییان.

کۆمپانیای تەڵەبات پابەند دەبێت بە پێدانی دەرفەتی کار بە گەنجانی ئاوارەی ناوخۆی عێراق.

کۆمپانیای کەریم بەڵێنی دا کە پشتگیری گەشتی سەلامەت بکات بۆ ئەو ژنانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاری پاراستن هەیە بە پێدانی داشکاندن لە بەکارهێنانی تەکسی کەریم بۆ ڕزگاربووان و ئەوانەی کە مەترسی توندوتیژییان لەسەرە.

کۆمپانیای المرموقة بەڵێنیدا کە هۆشیاری لەسەر تەندروستیی سووڕی مانگانە بڵاوبکاتەوە و بەشی شەش مانگ سانتی بۆ 200 کچ دابین بکات.

کۆمپانیای کلیک عێراق بەڵێنیان دا بە پێدانی ڕاهێنان بە ١٠ کچی گەنج لەسەر بەڕێوەبردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەرەپێدانی کارامەییان و پاشان پشتگیریان دەکەن لە ڕێگەی جۆب ستۆدیۆ بۆ دۆزینەوەی کار.

با پێکەوە قسە لەسەر کۆتایی هێنان بە توندوتیژیی جێندەری بکەین بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو ژنانی عێراق.